Add parallel Print Page Options

27 ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم
    وەک بۆنی دەشتودەرە
    کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
28 با خودا لە شەونمی ئاسمان و
    لە چەوری زەویت بداتێ،
    هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
29 با گەلان ببنە خزمەتکارت،
    نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.
ببە بە سەروەری براکانت،
    کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.
با نەفرەت لێکەرانت نەفرەت لێکراو بن و
    ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»

30 پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. 31 ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بۆ باوکی بردە ژوورەوە، بە باوکی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

32 ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»

ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.» 33 ئیتر ئیسحاق لەرزینێکی زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»

34 عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست هاواری کرد، هاوارێکی بەرز و زۆر خەمبار، بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»

35 بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»

36 عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“[a]؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»

37 ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»

38 عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکە باوکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.

39 ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە:

«نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت،
    دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.

Read full chapter

Footnotes

  1. 27‏:36 یاقوب واتە پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 25‏:26‏.‏